پێشەکیی ئامادەکار: ئەو سەرچاوانەی پشتم پێ بەستوون

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
ڕەئووف ڕەهنموون
 3 خولەک  174 بینین
  • «فەرھەنگی مەردۆخ»: لە ھەر جێگایەکدا وشەیەکم بۆ نەخوێنرابێتەوە یا لە ڕێنووسەکەی دوودڵ بووبم پێش ھەموو شتێک پەنام بردووەتە بەر وشە ھاوواتاکانی فەرھەنگەکە.
  • «فەرھەنگی ھەنبانە بۆرینەی مامۆستا ھەژار»: زۆربەی کات بۆ زیادکردنی وشە و ڕوون‌کردنەوە پشتم پێ‌بەستووە و تەنانەت زۆر جار ڕوون‌کردنەوەکانی مامۆستا ھەژارم دەق بە دەق گواستووەتەوە.
  • «فەرھەنگی شیرینی مامۆستا فازڵ نیزامەدین»: کە ھەم بۆ دۆزینەوەی وشەی ھاوواتا و ھەم بۆ دۆزینەوەی مانای زاراوەکان لە کوردیدا پشتم پێ‌ بەستووە.
  • «فەرھەنگی دیھخودا»: کە بە شێوەی نەرم‌ئامێر (software) بۆ ڕوون‌کردنەوەی وشە سەرەکیەکان و دڵنیابوون لە ڕێنووسی وشە فارسیەکان پشتم پێ‌ بەستووە.
  • «فەرھەنگی ئەلمونجیدی پاپ لویس»: کە بۆ دڵنیابوون لە ڕێنووسی وشە عەرەبیەکان و ھەندێ جار بۆ ڕوون‌کردنەوە کوردیەکان پشتم پێ‌ بەستووە.
  • «فەرھەنگی زانیاری وێنەداری مامۆستا کەمال جەلال غەریب»: کە بۆ ماناکردنەوەی ناوی گژوگیا و ئاژەڵ و باڵندە و مێروو و‌... پشتم پێ بەستووە.
  • «فەرھەنگی عەمید»: کە بۆ ڕوون‌کردنەوەی وشە سەرەکیەکان و دڵنیابوون لە ڕێنووسی وشە فارسیەکان پشتم پێ بەستووە.

ئەمە ئەو سەرچاوانە بوو کە زۆرترین سوودم لێ‌وەرگرتوون، بەڵام کاتێک مانای دروستی وشەیەکم لێ عاسی بووبێت پەنام بردووەتە بەر ھەموو جۆرە فەرھەنگ و فەرھەنگۆکێک و ڕووم لە ھەموو ناسراو و دۆست و ئاشنایەک ناوە.

ئەمەش ناوی ژمارەیەک لەو فەرھەنگانەیە:

  • فەرھەنگی زاراوەی مامۆستا بەدران ئەحمەد حەبیب.
  • فەرھەنگی نۆبەرەی مامۆستا گیوی موکریانی.
  • فەرھەنگ اصطلاحات معاصر عربی فارسی، نووسینی نەجەفعەلی میرزایی.
  • کتاب التعریفات، نووسینی سەیید شەریفی گورگانی.
  • فەرھەنگی گیرفانی خاک، نووسینی مامۆستا مەحموود عەبدوڵڵا و مامۆستا جەمال جەلال.
  • فەرھەنگی زانیاری مامۆستا کەمال جەلال غەریب.

لە کۆتاییدا پێویستە سوپاسی ھەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە لەم ڕێگایەدا بە ھەر جۆرێک یارمەتیان داوم بە تایبەت ھاوسەری ئازیزم «بەدری بەھرامی» کە جگە لە ھاندان و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو، بۆ ماناکردنەوە و چۆنیەتی دەربڕینی شێوازی ئاخاوتنی بەشێکی زۆر لە وشەکانی فەرھەنگەکە بە ھانامەوە ھاتووە.

 

ڕەئووف ڕەھنموون

خوێندکاری دوکتۆرای زانستە ئایینیەکان (فیقھی شافیعی)ی زانکۆی تاران

٢٥ی ڕەزبەری ١٣٨٥ی کۆچی هەتاوی

١٧/١٠/٢٠٠٦ی زایینی